سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و کاریگەرییەکانی
هاتنی هەموو تەکنۆلۆژیایەک و هەموو پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆجی سەرەتا هەندێک ترس و دواتر هەندێک گۆڕانکاری، تێکەڵەیەک لە گۆڕانکاریی ئەرێنی و نەرێنی، درووست دەکات. زیرەکیی دەستکرد وەکوو نوێترین تەکنۆلۆجیای ئەم سەردەمەش هەر وایە. سەیر لەوەدایە هەموو جارێک لەم پرۆسەیەدا سەرەتا ترسێکی چڕ درووست دەبێت کەچی بیر لە جارەکانی پێشووتر ناکەینەوە و سەرنج بە ڕەوتەکانی بدەین. ترسەکەش هەمیشە نەمان یاخود کاڵبوونەوەی دەوری مرۆڤە لە ژیان و پێشکەوتندا؛ ترس لە دابەزینی نرخی مرۆڤ و لێهاتووییەکانی. ترس لە هاتنی جێگرەوەیەک بۆ هونەرمەند و ئەدیب و ترس لە نەمانی ڕۆڵی کرێکار لە بوارەکانی بەرهەمهێناندا. زیرەکیی دەستکرد مێژوویەکی دووروودرێژی هەیە بەڵام لە 2023ـدا بەیەکجاری و لە ئاستێکی بەرزدا دەرکەوت.
زۆرجار دەبیستین کە خەڵکی باسی ترسەکانی جێگرتنەوەی هونەر و نووسین لەلایەن ئەی ئایەوە دەکەن! بەڵام ترسی هاوشێوە بۆ بابەتی پزیشکی نابینین! بۆ نموونە باس لە ترسی جێگرتنەوەی پزیشکەکان ناکرێت، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین هەواڵ بڵاو بوونەتەوە کە هەندێک کەس زیرەکیی دەستکرد باشتر لەو پزیشکانەی کە سەردانیان کردبوون گرفت و نەخۆشییەکەیانی ناسیبووەوە! لەوانەیە لەبەر شێوەی کرداری ئیشەکە بێت! بابەتی پزیشکی و نەخۆشییەکان بەرهەستترە و کاریگەرییەکەی ڕاستەوخۆیە! بەڵام ئایا زیرەکیی دەستکرد مەترسییە بۆ سەر هونەر و ئەدەب؟
با سەرنجێکی تەکنۆلۆجیاکانی پێشووتر بدەین. لەڕاستیدا بە بڕوای من تەکنۆلۆجیای نوێ و لە ئیستادا زیرەکیی دەستکرد مەترسی نین بۆ سەر هونەر و داهێنان، بەڵکوو شێوازەکانی هونەر دەگۆڕن و ئاڵنگارییەک دەخەنە بەردەمی داهێنان، بەجۆرێک کە مرۆڤ ناچار بێت هەنگاوی گەورەتر بنێت بۆ داهێنانی گەورەتر و هونەری مەزنتر. بەم شێوەیەش نەک مەترسی نییە بەڵکوو پاڵنەرە بۆ درووستبوونی گۆڕان لە شێوازەکانی هونەردا. بۆ نموونە ئایا هاتنی کامێرای وێنەگرتن مەترسی بوو بۆ سەر هونەری شێوەکاری؟ لە ئێستادا بە دڵنیاییەوە دەلێین نا! فۆتۆگرافی خۆی هونەرێکی جیاوازە و هاتنی کامێرای وێنەگرتن ڕێخۆشکەر بوو بۆ سەردەمێکی نوێ و داهێنان لە هونەری شێوەکاریشدا. بەڵام ئایا لە سەرەتاکانی ئەم تەکنۆلۆجیایەدا هونەرمەندان و خەڵکی چۆن بیریان لە شتەکە کردۆتەوە؟ شتەکە زۆر ئاشنا دێتە بەرچاو! دەتوانیت بیهێنیتە پێش چاوی خۆت کە چەند کەس، بەتایبەت هونەرمەندانی شێوەکاری، تووڕە بووبێتن و هەستیان کردبێت کە کامێرا جێی شێوەکاری دەگرێتەوە و چیتر ئەو هونەرە دەفەوتێت! کەچی پاش دووسەد ساڵ هونەری شێوەکاری نەک هەر نەفەوتاوە بەڵکوو قۆناغ و ئاستی زۆر بەرزتری بڕیوە! ئیتر ئەمە بۆ هەموو تەکنۆلۆجیاکانی دواتریش ڕاست بووە! پرسیارەکان دەکرێت بەم جۆرە بن. ئایا سینەما شانۆی سڕییەوە؟ یان شێوازی نوێ بۆ شانۆ سەری هەڵدا؟ ئایا کتێبی ئەیلکترۆنی کتێبی کاغەزی سڕییەوە؟ یان بەس شێوازێک بۆ خوێندنەوە زیاد کرا؟ پێموایە بۆ بابەتی زیرەکیی دەستکردیش بە هەمان شێوە بێت! سەرەتا ترسێک، کە ترسە لە نەناسین، سەرهەڵدەدات و دواتر کە مرۆڤ لەگەڵ شتەکان ئاشنا بوو بیر لە ڕێگای نوێ و داهێنانی گەورەتر دەکاتەوە. جارێکیان بیستم کە گوایە مامۆستای قوتابخانەیەک لە ئەمەریکا وازی لە وانەگوتنەوە هێناوە بە بیانووی ئەوەی کە زیرەکیی دەستکرد پرۆسەی خوێندنی تێکداوە و چیتر قوتابییەکان خۆیان ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن و بە زیرەکیی دەستکرد وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە! لەوانەیە سەرەتا هەست بکەیت حەقی پێ بووە و وەکوو بەرەنگاربوونەوەی دۆخێکی ئاڵۆزکاو، شتێكی جوانی کردووە! بەڵام کاتێک قووڵتر بۆ بابەتەکە بڕوانیت دیمەنێکی کۆمیدی و گاڵتەجاڕی دێتە پێش چاوت و تێدەگەیت کە زیرەکیی دەستکرد پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی تێک نەداوە بەڵکوو سەقەتبوونی پرۆسەی خوێندنی هاوچەرخی دەرخستووە! با بڵێین مامۆستایەکی بیرکاری پرسیارێکی بیرکاری دەخاتە بەردەستی قوتابییەکان! ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە و مامۆستاش قەبووڵی دەکات! ئێستا ئەگەر بە زیرەکیی دەستکرد بووبێت تووڕە دەبێت! باشە خۆ پێشتریش دەکرا قوتابییەکان بە قۆپیکردن، دۆزینەوەی وەڵامەکە لە شوێنێکی تر یان کەسێکی تر ئەو کارە بکەن! واتە لە ڕێگایەکەوە چ زیرەکیی دەستکرد بێت یان شوێنێکی تر وەڵامێک بدەنەوە کە خۆیان لە وەڵامەکە تێنەگەیشتوون! کەچی مامۆستاکەش هەر وەریبگرێت و تەواو! لێرەدایە کە دەردەکەوێت لەم چەشنە دۆخەدا زیرەکیی دەستکرد جیاوازییەکی لەگەڵ شێوازەکانی قۆپیکردنە کلاسیکەکاندا نییە ئەوە نەبێت کە خێراترە. ئەمەش وادەکات بیر لە گۆڕانکاری لە پەرەوەردە و باشترکردنی پەروەردە بکەینەوە! پەروەردەیەک کە تەرکیزی لەسەر پرسیارکردن و وەرگرتنی وەڵامدا نەبێت، تەرکیزی لەسەر تێگەیشتن و پرسیاردرووستکردن لەلای خوێندکاران بێت. پەروەردەیەک کە بەس هەڵڕژاندنی ئەرک نەبێت بۆ جێبەجێکردن، بەڵکوو ورووژاندنی توانای داهێنان و بیرکردنەوە بێت لای قوتابی. بەم جۆرە ئیدی تەنانەت تەکنۆلۆجیایەک وەکوو زیرەکیی دەستکرد نابێت بە جێگرەوەی ئەنجامدانی ئەرکەکان بەڵکوو دەبێت بە کەرەستەیەک بۆ داهێنانی زۆرتر.
کاتێک پەروەردە لەجیاتی چاندنی حەزی فێربوون و فێرکردنی پرسیارکردن و گەڕان بەدوای دۆزینەوەی وەڵامەکاندا، دەبێت بە پرۆسەی پرسیار و وەڵامێکی ئۆتۆماتیکی و بەس جێبەجێکردنی ئەرکەکان، ئەوە پەروەردەیەکی سەقەتی لێ دەردەچێت. دەبێتە پەروەردەیەک کە لەجیاتی درووستکردنی مرۆڤی پرسیارکەر و کونجکۆڵ، مرۆڤی کۆپیکار درووست دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەرکەکان. ئیدی ئاساییە شتێک وەکوو زیرەکیی دەستکرد ئەو سەقەتبوونە لە ئاستێکی زەقتردا دەربخات. لێرەدا درووستکردنی ترس لە زیرەکیی دەستکرد بەلاڕێبردنی پرسیارە سەرەکییەکە، لەجیاتی ئەوەی سیستەمی پەروەردە لۆمە بکرێت! زیرەکیی دەستکرد لۆمە دەکرێت کە هەڵەکانی سیستەمەکەی بە شێوەیەکی ڕۆشنتر دەرخستووە بۆمان!
کە مەبەستی سەرەکی لە تەکنۆلۆجیاکەش هەر ئەوەیە، ئاسانکاری و گەشەپیدانی داهێنانی زۆرتر، بەڵام ئەوی کە خەڵک لە سەرەتادا بەهۆی کونجکۆڵی یان نەزانینی شێوازی درووستی بەکارهێنانی ئامێرەکە، چۆن بەکاری دەهێنن ئەوەیان شتێکی دیکەیە. ئەمەش گرفتێکی نوێ نییە، هەر ئێستاش لە پاش ئەم هەموو ساڵەی لەدوای داهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیا هێشتا گرفتەکانی هەڵەبەکارهێنانی بووە بە گرفتی هەرە گەورەی کۆمەڵگاکان.
نموونەکان یەکجار زۆرن بەڵام با باسی هەندێک نموونەی دیکەش بکەین، سەرەتای هاتنی مۆبایل ئەوە بوو پاش تەلەفۆنی ماڵەوە یەکەم جار بوو دەتتوانی بە بەبێتەل لە هەر شوێنێکەوە بتەوێت تەلەفۆن بۆ خەڵکی بکەیت، ئەو ساڵانە بۆ نموونە دەمانبیست کابرایەک مۆبایلەکەی لەگەڵ خۆیدا بردۆتە تەوالێت و تەلەفۆنی بۆ خەڵک کردووە و تەلەفۆنەکەی ناوەتە تەنیشت قوونییەوە و تڕیوە! ئەمە یەکێک لە سەیرترین بەکارهێنانەکانی مۆبایل بوو کە بیستبێتم، ئیتر ئیزعاجکردن و تەلەفۆنکردن بۆ خەڵکی نەناس و ئەمانە کە شتێکی زۆر باو بوو. دواتر کە کامێرا زیاد کرا بۆ مۆبایلەکان ئەویش چەند گرفتی نایەوە و تا ئێستاش بەردەوامە کە بە حەق و ناحەق خەڵکی لەسەر شەقام هەر کەس و شتێک دەبینن دەست دەکەن بە ڤیدیۆ تۆمارکردن! یان دەچنە نێو سرووشت و ئەوەندە سەرقاڵی وێنەگرتنن دواتر لێیان بپرسە ئاسمان چ ڕەنگێکی هەبوو؟ یان درەختەکان چۆن بوون؟ نایزانێت و نەیبینیون!
کاتی زانکۆ هاوڕێیەک هەبوو بڕۆیشتاین بۆ هەر شوێنێک یەکسەر خەریکی وێنەگرتن بوو! جارێکیان پێم گوت باشە دوو دەقەش لەگەڵمان بە، با دوو قسە بکەین، سەیری دەوروبەر بکە! کورە پشوویەک بدە! ئەم هەموو وێنەیە چییە! هەر دەیگوت حەزم لە وێنەگرتنە و پێدەکەنی و بەردەوام دەبوو! باشە ئەگەر بەڕاست حەزت لێیە بۆ شوێنی هونەرەکە ناکەویت و فێری وێنەگرتنی پرۆفیشناڵ نابیت؟! گوێی نەدەدا. پاش ساڵانێک جارێک نامەی هەنارد و دەیگوت زۆر بیری ئەو ڕۆژانە دەکەم وێنەت لایە؟ بیری چی دەکەیت؟ خۆ بە ئاستەم لەوێ بوویت و یەکسەر خەریکی وێنەگرتن بوویت و ئێستاش لەو هەزاران وێنەیە چوارت لا نەماوە! ئەمە نەخۆشیی وێنەگرتنە کە زۆربەی خەڵک تووشی بوون. بە دەیان و سەدان وێنە دەگرن، لە هەر دیمەنێک دەیان وێنە هەمووشی وەک یەک، دواتر سەیریشی ناکەن یان کە دێنەوە بۆ ماڵ زۆربەی دەسڕنەوە، هەندێک جار هەمووی دەسڕنەوە! پرسیاریش ناکەن ئاخۆ بۆ وا دەکەن و دیسان دووپاتی دەکەنەوە! “سەیری ئەو دیمەنە بکە چەند جوانە با وێنەیەکی بگرم!” کورە دوو خولەک سەیری جوانییەکە بکە و چێژی لێ ببینە ئینجا وێنەی بگرە! سەرنجتان دابێت هەر پاش وێنەگرتنەکە بەر دەکەیتە ئەملاوە و چیتر سەیری دیمەنەکە ناکەیتەوە! ئاساییە کاتێک وێنە دەگریت ئەو هەستە درۆیینە لا درووست دەبێت کە جوانییەکەت پاراستووە! کەچی بەس وێنەیەکی سەقەت و کۆپییەکی ئاست نزمت لە دیمەنەکە هەڵگرتووە کە پاش کاتژمێرێک ئەگەریش نەیسڕیتەوە لەوانەیە هیچکات سەیریشی نەکەیت. بۆیە کامێراکە دانێ و بە چاوی خۆت چێژ لە جوانیی ڕەسەنی سرووشت ببینە. لام سەیرە هەندێک خەڵک باس لە ترس لە زیرەکیی دەستکرد دەکەن کەچی ئەم هەموو ساڵە باسیان لە ترس لە مۆبایل و نەمانی ڕوانین و سەریکردن نەکردووە! کە ئەمەش گرفتی کامێراکان نییە، گرفتی هەڵەبەکارهێنانیانە.
ئەوەی تەکنۆلۆجیای نوێ بێت لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیدا لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە بەهەڵە بەکار هێنراوە! هۆکاری سەرەکیش سوود و قازانجی کۆمپانیاکانە! ئەوان ڕێکلامی بۆ دەکەن و مەبەستیانە زۆرترین بەکارهێنەریان هەبێت! خۆ ئەمەش بەجۆرێک پێویستە بۆ ڕێخۆشکردن بۆ پەرەسەندنی تەکنۆلۆجیا! هەرچی بەکارهێنەری زۆرتر بێت، داهاتی زۆرترە و بوودجەش بۆ پەرەپێدانی زۆرتر دەبێت! وەکوو لە ئێستادا زیرەکیی دەستکرد لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و گەرچی بە ملیارەها دۆلار سەرفی تەکنۆلۆجیاکە دەکرێت هێشتا، بۆ نموونە چات جی پی تی، نەگەیشتۆتە قازانج.
کاتێک تازە گووگڵ و ئینتەرنێت خەریک بوو دەبوون بە شتێکی باوی نێو ژیانی ڕۆژانە مامۆستاکان داوای توێژینەوە و داڕشتیان دەکرد لە قوتابیان و داواکارییەکیان لێ دەکردن کە ئێستا زۆر سەیر دەنوێنێت! دەیانگوت بەڵام گووگڵ بەکار مەهێنن! ئەم ڕستەیە ئەمڕۆ شتێکی زۆر پێکەنیناوییە، ئەی چی بەکار بهێنین؟ هۆکار چی بوو؟ ئەوەی کە خوێندکار دەچوو لە گووگڵ شتێکی دەدۆزییەوە و کۆپی دەکرد، بەبێ ئەوەی فێری شێوازەکانی توێژینەوە و گەڕان بەدوای وەڵامەکاندا ببێت. بەجۆرێک ئەو ڕستەیە بەم مانایە بوو کە “قۆپی مەکەن!” ئێستا هەمان شت بۆ زیرەکیی دەستکرد ڕوو دەدات، بۆ نموونە مامۆستا دەڵێت ئەرکەکانتان جێبەجێ بکەن و داڕشتن بکەن. بەڵام زیرەکیی دەستکرد بەکار مەهێنن! جا ئەگەر زیرەکیی دەستکرد وەکوو ئامێرێکی گەڕانی پێشکەوتووتر لەوانەی وەکوو گووگڵ بەکار بهێنرێت کێشەی چییە؟ بەکارهێنانی هەر ئامرازێک بۆ بەس ڕاپەڕاندن و لەکۆڵکردنەوەی ئەرکەکان وا دەکات دواجار پرۆسەی فێربوون ڕوو نەدات، ئەم شێوە قۆپیکردنە هەر لە مێژەوە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەست بووە، بۆ نموونە قوتابی ئەرکەکانی دەدا بە کەسێکی دیکە بۆی جێبەجێ بکات، ئێستا ئەو کەسە با قوتابییەکی دیکە بێت، خوشک و برای گەورەتر بێت یان زیرەکیی دەستکرد بێت، لێرەدا جیاوازییەکە ئەوەیە کە زیرەکیی دەستکرد بەردەستترە بەڵام شتەکە هەر هەمان گرفتە. لەکاتێکدا دۆزینەوەی ئەوەی کە بۆ نموونە ئاخۆ داڕشتنێک بە زیرەکیی دەستکرد کراوە زۆر ئاسانترە لەوەی کە بزانیت قوتابییەکە خۆی کردوویە یان داویەتی بە کەسێکی دیکە بۆی بکات، بۆ ئەمەیان بۆ نموونە دەبێت شێوازی نووسینی قوتابییەکە بناسیتەوە.
بە کورتی با شتەکە وەکوو یاریی شەترەنج سەیر بکەین، تۆ دەتوانیت بە کۆمپیوتەر یان زیرەکیی دەستکرد باشترین جووڵە بدۆزیتەوە، بەڵام بۆ جووڵەی دواتر چی دەکەیت ئەگەر لە یارییەکە نەزانیت؟ هەموو جووڵەکانیش بە گزیکردن و بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد ئەنجام بدەیت و یارییەکەیش ببەیتەوە، ئەمە چی دەکات؟ دەتکات بە یاریزانێکی شەترەنج؟ بێگومان نا، بەڵام ئەگەر وەکوو ئامێرێکی فێرکاری کەڵک لە زیرەکیی دەستکرد وەربگریت و سەیری هەڵەکان و جووڵەکان بکەیت بۆ فێربوونی یارییەکە چی؟ لێرەدا زیرەکیی دەستکرد وەکوو ئامێرێک دەوری کتێبێکی پێشکەوتوو و مۆدێڕن دەبینێت بۆ فێربوونی یارییەکە. وەکوو کتێبێک کە توانای ئەوەی هەبێت هەڵەکانت ببینێت و پێت بڵێتەوە، وەکوو کتێبێک کە هەم تۆ ئەو بخوێنیتەوە هەم ئەو جووڵەکانی تۆ ببینێت و بەپێی داتاکانی هەڵەکان و بژاردەکانت بۆ بخاتە ڕوو. کەچی دیسان سەرەڕای ئەمەش هەر کتێبەکانی شترەنج بایەخ و نرخی خۆیانیان هەیە و لە ئاستی بەرزتردا هەر پێویستت بەو کتێبانە دەبێت بۆ فێربوونی شتی زیاتر. لەوانەیە هەندێک کەس پرسیار بکەن بڵێن کاتێک کۆمپیوتەر دەتوانێت هەموو یارییەک لە مرۆڤ بباتەوە بۆچی مرۆڤ ئیدی شەترەنج دەکات؟! ئەوە پرسیارێکی یەکجار بێمانایە، وەکوو ئەوە وایە بڵێیت کاتێک مەکینەکان دەتوانن چەندین تۆن قورسایی بەرز بکەنەوە بۆچی مرۆڤ یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی دەکات؟ کاتێک ئۆتۆمبێل هەیە مرۆڤ بۆچی پیاسە دەکات؟ دەکرێت یەکێک لە وەڵامەکان گەشە و تەندروستی و دەرووندرووستی مرۆڤ بێت. دواجار، مەکینەکان جێگرەوەی مرۆڤ نین، ئامێری ئاسانکارین بۆ گەشەکردنی زیاتری مرۆڤ. بەڵام کاتێک ئامێرەکان بەهەڵە بەکاربهێنرێن گرفتی تەندرووستی و دەرووندرووستی دێنە ئاراوە وەکوو ئەوەی لە جیهانی مۆدێرندا ڕووبەڕووی بووینەتەوە.
دەکرێت زیرەکیی دەستکرد وەکوو شێوازێکی نوێ و مۆدێرنی کتێب سەیر بکرێت! کتێبەکان لە مرۆڤەکان زیرەکترن وا نییە؟ باشە کتێب چییە ئەگەر مرۆڤێک دەست نەبات و نەیکاتەوە و دەست نەکات بە خوێندنەوەی؟ وەکوو پێشتر باسمان کرد پڕۆژەی زیرەکیی دەستکرد لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە بەڵام دواجار ئەگەر سەر بگرێت، لە داهاتوودا ئەوەی مایەی ترس و نیگەرانییە زیرەکیی دەستکرد نییە، بەڵکوو بەکارهێنانی هەڵەیە. ئەو بەکارهێنانە هەڵەیەیە کە بە درێژاییی مێژوو تەنانەت لە کتێبەکانیشدا ڕوویان داوە و کارەساتی گەورەشیان خولقاندووە، ئەی ئەوە نییە کتێب هەیە بەکار ناهێنرێن و ناکرێنەوە کەچی بوون بە یەکێک لە گەورەترین ئامرازەکانی توندوتیژی؟ ئەوەی دەبێت لێی بترسین داهاتووی تەکنۆلۆجیا نییە، مرۆڤ و هەڵەبەکارهێنان و هەڵەتێگەیشتنی مرۆڤە لە شتەکان. ئەگەر ویستت زیرەکیی دەستکرد بەکار بێنیت، سەرەتا لە خودی (ز. د)ـکە شێوازی بەکارهێنانەکەی بپرسە، وەڵامەکانی جێی سەرنج دەبن. ئەگەر شێوازی بەکارهێنانەکە و مەبەستی بەکارهێنانەکان بەرچاو بگیرێن دەکرێت ئامرازێکی زۆر بەسوود بێت بۆ گەشەکردن و داهێنانی زۆرتر.
دوور نییە سەردەمێک بێت کە بڵێین خەڵکینە توخوا زیرەکیی دەستکرد بەکار بێنن! خۆ قورس نییە کردنەوەی ئەپلیکەیشنێک، بیکەنەوە و دەست بکەن بە خوێندنەوە! هەروەکوو چۆن ئێستا دەڵێین توخوا زۆرتر کتێب بخوێننەوە!
زیرەکیی دەستکرد زانیارییەکان و داتاکان لە مرۆڤەوە وەردەگرێت. مرۆڤ هەڵە دەکات، کەواتە زیرەکیی دەستکرد هەڵە دەکات. بۆیە ناکرێت هەر شتێک لە زیرەکیی دەستکردەوە وەرتگرت وەکوو سەرچاوەی باوەڕپێکراو سەیری بکەیت! ئەم گرفتە پێشتر بۆ گووگڵ و پێش ئەویش بۆ تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ هەبوو! کابرا دەیگوت “دڵنیام وایە!” بۆچی؟ “لە گووگڵ خوێندوومەتەوە!” ماوەیەکی خایاند تاکوو خەڵک، لانیکەم تا ڕادەیەک، تێبگەن ئەوەی لە گووگڵ دەیبینین خەڵکی بڵاوی دەکەنەوە و دەشێت هەڵە بێت! پێش ئەوەش بە هەمان شێوە دەیانگوت بێگومان وایە، ئەوە نییە دوێنێ شەو ڕادیۆ گوتی وایە! خۆ ڕادیۆ درۆ ناکات!
ئەوەی پێویستە بۆ ڕوونبوونەوەی شتەکان، کاتە. بەپێی کات هەرچی زۆرتر ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیە بناسرێت، ترسەکانیش کەم دەبنەوە و ئەوەش دەردەکەوێت کە زیرەکیی دەستکرد دەرفەتەکان کەم ناکاتەوە بۆ ئیش و داهێنان، بەڵکوو دەرفەتەکان چڕ دەکاتەوە؛ واتە پێویست دەبێت زۆرتر گەشە بکەیت و لە ئاستێکی بەرزتردا ئیش بکەیت. بۆ نموونە لە قوتابخانە ئەو خوێندکارانەی کە بەڕاست سەعی دەکەن، نرخیان زۆرتر و زەقتر دەردەکەوێت بەراورد بەوانەی کە گزی دەکەن و بەس شتەکان تێدەپەڕێنن. بۆ ئیشە جۆراوجۆرەکانیش ئەوانەی بەڕاست پسپۆڕی بوارەکە بن دەتوانن ئیشی گەورە بکەن. بەس لەم ماوەیەدا مەودایەک لە دوودڵی و ناکۆکی و ئاژاوە درووست دەبێت تاکوو خەڵک لەگەڵ بەکارهێنانی درووست و مەبەستی ئامرازە نوێکە ئاشنا دەبن و لەگەڵی ڕادێن؛ ئەمەش بۆ هەموو تەکنۆلۆجیایەک ڕاست بووە و هەموویان پێوستە بەم ڕێگایەدا تێبپەڕن.
شاخەوان. ح. ح / پاییزی 2025
