دەربارەی پەروەردە: با قوتابی پێشەنگ بێت
پەروەردە ئەو شتەیە کە دەمێنێتەوە پاش ئەوەی ئەو شتانەی فێریان بوویتە لەبیر دەکەیت.
“بی. ئف. سکیننەر، دەروونناسی ئەمریکی”
زۆربەی خەڵک وادەزانن پەروەردە ئەو شتانەیە کە لە قوتابخانە فێریان دەبین، لەبەریان دەکەین و لە تاقیکردنەوەکاندا دەرەجەیان پێ کۆ دەکەینەوە! بەڵام لەڕاستیدا پەروەردە شتێکە قووڵتر لەو زانیارییانەی کە کۆیان دەکەینەوە، پەروەردە پرۆسەی فێربوونی بیرکردنەوە، گەڕان بەدوای دۆزینەوەی وەڵامەکان و سەیرکردنی پرسیار و کێشەکان لە ڕوانگە و بۆچوونی جیاوازەوەیە؛ ئەوەی کە بیر لە شێواز و ڕێگای گەیشتن بە وەڵامەکان بکەیتەوە نەوەک بەس وەڵامەکە وەربگریت و لەبەری بکەیت. ئەو زانیارییانەی کە کۆ دەکرێنەوە زۆربەیان دواتر پاش تاقیکردنەوەکان چیتر لە یادگەی درێژخایەندا نامێننەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو بنەما و ڕێوشێن و ڕێبازانەیە کە بۆ بیرکردنەوە و ڕوانین و کۆڵینەوە لە جیهان و ڕووداوەکان و پرسیارەکان فێریان دەبین. ئەگەرچی زانییارییەکان لەوانەیە پاش ماوەیەک کاڵ ببنەوە و لەبیر بکرێن بەڵام ئەم توانای بیرکرنەوەی ڕەخنەگرانەیە کە لە پرۆسەی فێربوونی زانیارییەکاندا بەدەستی دێنین بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و ئامانجی سەرەکیی پەروەردەش هەر ئەمەیە؛ فێربوونی چۆن بیرکردنەوە، چۆن فێربوون، سەیرکردنی بابەتەکان لە ڕوانگەی جیاواز و نوێوە.
بەڵام ئاخۆ پەروەردەی ئێمە چەندە ئەم شێوازە ڕەچاو دەکات؟ لەوانەیە هەموو بڵێن نێزیک بە هیچ! پەروەردە بووە بە پێلەبەرکردنی شتەکان و تاقیکردنەوە و کێبڕکێی دەرەجە! با بۆ ساتێک واز لە لۆمەکردنی سیستەمی پەروەردە بێنین! ئەگەر ئەوەندە دەزانین کە بنەماکانی شێوازی پەروەردەمان گرفتی هەیە، تەواوە! واتە دەتوانین دەستبکەین بە گۆڕانکاری! بەڵام ئەوەی ڕێگری لە گۆڕانکاری دەکات و تا ئێستا کردوویە ئەوەیە کە هەمیشە وەکوو هەموو بوارێکی گۆڕان، چاوەڕێی گۆڕانکارییەکین بە یەک بڕیار! ئەوەی کە بڕیارێک دەربچێت و تەواو! کەسێک یان وەزارەتێک بڕیارێک دەربکات و لە سبەینێوە ببین بە خاوەنی پەروەردەیەکی جوان و نموونەیی! شتی وا نییە و لە هیچ شوێنێکی دونیادا ڕووی نەداوە! هەموو شتێک پێویستی بە ئامادەکارییە. با گۆڕانەکە لە قوتابییەکانەوە دەست پێ بکات! قوتابی داهاتووە، وەزارەت ئێستایە! گۆڕانکاری بۆ داهاتووە کەواتە بۆچی قوتابییەکان دەستپێشخەر نەبن؟! سەیر کە، ئەگەر تۆ وەکوو قوتابییەک شێوازی ڕوانینت بۆ خوێندن و فێربوون و دەرەجە بگۆڕیت، زۆر شت دەگۆڕێت. دواتر پەروەردە ناچار دەبێت خۆی لەگەڵ تۆدا بگونجێنێت. پەروەردە چۆن دەتوانێت شێوازەکەی بە ڕۆژێک بگۆڕێت ئەگەر نە مامۆستا و نە قوتابی ئامادەییی ئەو گۆڕانەیان تێدا نەبێت؟! کێ بڕیاری گۆڕان بدات کاتێک کەس ئامادە نییە و کەس بیری لە بەدیلێک نەکردۆتەوە؟! بۆیە وەکوو تاک لەمەوبەدوا هەوڵ بدە ئەوەی لات گرینگە دۆزینەوەی وەڵام و شێوازی گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەکان بێت نەک وەڵامەکە خۆی. ڕێگا ئاسانەکە مەگرە بەر و وەڵامەکەت دەست کەوێت و لەبەری بکەیت و دەرەجەی پێ کۆ بکەیتەوە! بیر لە هۆکار و شێوازەکانی بکەوە، لێی بکۆڵەوە و خۆتی پێوە ماندوو بکە، بیر لە ڕێگاکانی تری گەیشتن بە وەڵامەکە بکەوە.
بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەو بیرکردنەوەیەکە تێیدا ئەو شتەی دەیخوێنیتەوە، دەیبیستیت، دەینووسیت یان دەیڵێیت بخەیتە بەر پرسیار، شیکاری بکەیت، بۆ خۆت وردی بکەیتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت و بەم جۆرە بگەیت بە دەرەنجامێک.
هەمیشە هەوڵ بدە بزانیت شتەکان سەرچاوەیان لە کوێوە سەری هەڵداوە و بۆچی بەو جۆرەن کە هەن. بۆ نموونە کاتێک لە وانەی بیرکاریدا فۆرمولێک فێر دەبیت و دەڵێن لەبەری بکە و بەکاری بێنە! باشە لای خۆت ئەو پرسیارە بکە کە ئەم فۆرمولە لە کوێوە هاتووە و بۆچی وا ئیش دەکات و دەرەنجامەکەی واتای چی؟! ئاخر بڕێک ژمارە بێنیت و بیخەیتە نێو مەکینەیەک و وەڵامێکت بۆ فڕێ بداتە دەرەوە چییە!؟ ئەمە کوا بیرکارییە، ئەمە زۆرتر یاریکردنە لەگەڵ ژمارەکاندا! جا ئەوە جیاوازی لەگەڵ ئەوەی کە جلەکان بخەیتە نێو جلشۆرێکەوە و دەست بنێیت بە دوگمەیەکدا بیشوات و جلەکان فڕێ بداتە دەرەوە چییە؟! باشترە بیر لەوە بکەیتەوە ئەم فۆرمولە لە کوێوە هاتووە، چۆن پێک هاتووە، هەندێک جار هیچ پێویست بە لەبەرکردنیشی ناکات، کاتێک تێگەیشتی چۆن پێک هاتووە هەر کات پێویستت پێ بوو خێرا خۆت پێکی دەهێنیتەوە! ئەمەیە جیاوازی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەگەڵ لەبەرکردن بەبێ وردبوونەوە لە ناخی پرسیارەکان.
واز لە دەرەجە بێنە! کەس پاش چەند ساڵی تر لێت ناپرسێت دەرەجەکەت چەند بوو! هیچ گرینگییەکیشی نابێت! ئەوەی گرینگە فێر بیت چۆن فێر ببیت، فێر بیت چۆن بیربکەیتەوە و شتەکان لێک بدەیتەوە.
دواجار هیچکات واز لە فێربوون مەهێنە! فێربوون تایبەت نییە بە قوتابخانە، لەپاش قوتابخانەش هەموو کات و هەمیشە هەوڵی ئەوە بدە شتی نوێ فێر ببیت، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بۆ شتەکان بڕوانیت و وەڵامی نوێ و ڕێگای نوێ بۆ پرسیارەکان و بابەتەکان بدۆزیتەوە. با لەپاش قوتابخانە خۆت مامۆستای خۆت بیت.
(گاری کاسپارۆڤ) مامۆستای دیاری شەترەنج، لە کۆرسێکی فێرکاریی شەترەنجدا1، قسەیەکی جوان دەکات، دەڵێت “کاتێک دەست دەکەن بە فێربوونی شەترەنج و تەکنیکەکانی فێر دەبن، بچن بەدوای ئەوەدا کە ئەم تەکنیکانە لە کوێوە سەریان هەڵداوە و چۆن سەریان هەڵداوە.” باسی ئەوە دەکات کە هەندێک لەو تەکنیکانە دەگەڕێنەوە بۆ سەدان ساڵ پێش، بڕوانن بزانن ئەوسا لەبەرچی و بۆچی و چۆن ئەم تەکنیکانە پێک هاتوون کە ئەمڕۆ هەندێکیان هێشتا هەر بەکەڵکن و هەشیان چیتر قەبووڵکراو نین و بەکار نایەن، کەچی سەرەڕای ئەوەش هەندێک جار دەتوانیت بەجۆرێکی دیکە و لە شێوازی دیکەدا کەڵکیان لێ بگریت.
ئەمە بۆ باسی بیرکاری، فیزیا، کیمیا، فەلسەفە و هەموو بوارەکان ڕاستە. شتەکە ئامادەیە و لە قوتابخانە پێشکەش دەکرێت، بەڵام تۆ هەنگاوێک قووڵتر بچۆ نێو باسەکەوە و بزانە بنەچە و بنەڕەتی باسەکە چییە! بەم جۆرە هەم فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبیت، هەم ئەو باسەت بۆ ئاسانتر دەبێت، هەم بابەتەکانی دواتریشت بۆ ئاسان دەبێت. لەوانەیە دواتر سەرت بسوڕمێت کە ئەمە وا دەکات بابەتی ترت بۆ ئاسانتر بێت کەچی لە ڕواڵەتدا دوو بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە. بۆیە ئەگەر بۆ نموونە ڕۆژێک کاتت دانا بۆ گەڕان و وردبوونەوە و شیکاری بەس یەک پرسیار و یەک بابەت، دڵنیا بە باشترە لەوەی بەڕووکەش و سەرپێیی دە بابەت لە ڕۆژێکدا بخوێنیت. هەم چێژی زۆرتر دەبێت هەم ئەوە وەردەگریت کە پێی دەگوترێت پەروەردە. دواجار مرۆڤ بوونەوەرێکی بیرکەرەوەیە نەک ئامێری بەس خەزنکردنی زانیارییەکان.
شاخەوان. ح. ح / پاییزی 2025
